حەمە جەزا هونەرمەندی ناسراوی کورد، لە ساڵی ١٩٤٩ دا لە شاری سلێمانی لەدایکبووە و لە ١ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٠دا کۆچی دوایی کردوە.
لە تەمەنی ١٩ ساڵیدا ژیانی ھاوسەری پێکەوە ناوە و خاوەنی ٦ منداڵ بوە (٢ کوڕ و ٤ کچ). حەمە جەزا لە ساڵی ١٩٦٩ دا پەیوەندی کردوە بە شۆڕشی ڕزگاری خوازی کوردەوە. چەندین ساڵی تەمەنی ژیانی لە پێشمەرگایەتیدا بەسەر بردوە. پاشان لەگەڵ خێزانەکەیدا ڕوویان کردووەتە ئەورووپا و لە وڵاتی دانمارک نیشتەجێبوون. پاش ڕاپەڕینی بەھاری کوردستانی عێراق ڕووی کردووەتەوە کوردستان لە سلێمانی درێژەی بە ژیانی داوە.
حەمە جەزا خاوەنی چەندین سروودی نیشتمانی و ئاوازی کوردییە. لە تەمەنی ٦١ ساڵیدا و لە کاتژمێر ١:٥٠ خولەکی ١ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٠ بەھۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کردوە. ھەمان ڕۆژ لە گردی سەیوان لە سلێمانی تەرمەکەی بەخاک سپێردرا.